گۆڕینی قهبارهی نوسین:
پۆلیسی ئەڵمان بە هەڵیكۆپتەر بەدوایدا گەڕاوە بەڵام هێشتا نەدۆزراوەتەوە
رووداو - كوێلن
بڕیاربوو باوك و كچە تەمەن 13 ساڵییەكەی
لەگەڵ یەكتر ئاشببنەوە، بەڵام دوای دیدارەكەیان باوكی كچەكە بە دەمانچە لە
كچەكەیدا و كوشتی ، ئینجاش رایكرد.
رۆژی 5/12/2011 لە گوندێكی نزیك شاری
هانۆڤەر لە باكووری ئەڵمانیا رووداوێكی تراژیدی روویدا، تێیدا كوردێكی
تەمەن 35 ساڵ، كچە ١٣ ساڵییەكەی لەبەر چاوی دایكی دایە بەر دەسڕێژی گوللە و
هەڵات. باوكی كچەكە ونبووە و تائێستا خۆی رادەستی پۆلیس نەكردووە.
پۆلیسی ئەڵمانی بەهەلیكۆپتەر لە
دەوروبەری گوندەكە بە دوای باوكە هەڵاتووەكەدا گەڕان. پۆلیس لەبارەی هۆكاری
ئەنجامدانی ئەم تاوانە ئاماژەی بەوەدا كە پێدەچێ هۆكارەكە هەندێ كێشەی
خێزانی بێ.
ئەو باوكە كوردە لەساڵی ٢٠٠٨ لەگەڵ خێزانی
لەباشووری كوردستانەوە هاتوونە ئەڵمانیا و لەگوندی نینبورگ نیشتەجێبوونە.
كچە كوژراوەكەش سێ خوشك و برای هەیە و خۆی گەورەكەیان بووە. ئەم خێزانە
كوردی ئێزدین و لەساڵی 2008ەوە لە گوندی نینبورگ دەژین. كچە كوژراوەكەش شەش
مانگ لەمەوبەر بەهۆی كێشەی كۆمەڵایەتی لە ماڵ هەڵاتبوو، لەلایەن فەرمانگەی
گەنجان (یوگندئامت) بەخێو دەكرا و لە خانوویەكی تایبەتدا دەژیا.
تۆرستین رۆچكە، بەرپرسی فەرمانگەی گەنجان
لە نینبورگ گوتی "دەمانویست پەیوەندی لەگەڵ بنەماڵەكە دروستبكەین و
ئاسۆیەك بۆ دواڕۆژیان پەیدا بكەین". بەڵام لەكاتی گفتوگۆكاندا كچەكە
گوتوویەتی كە ئەو نایەوێ بگەڕێتەوە نێو خێزانەكەی، ئەمەش بۆوە هۆی دڵتەنگی
باوكی.
بەپێی فەرمانگەی گەنجان رووداوەكە بەم
شێوەیە روویداوە: رۆژی 5ی مانگ باوك و كچەكە، لە ژوورێكی فەرمانگەی گەنجان
لەگەڵ یەكتر دادەنیشن و قسە دەكەن. ئامانج لەو دیدارە ئەوەبووە هەردوولا
دووبارە نزیكی یەكتر ببەنەوە و ئاشتببنەوە. بەرپرسێكی فەرمانگەكەش لەگەڵ
باوك و كچەكە دانیشتووە. دیدارەكە دوای نیوەڕۆ تەواوبوو و هەردووكیان لە
بیناكە دەرچوون. بەڵام كاتێك كچەكە ویستی سواری ئۆتۆمبێڵی فەرمانگەی لاوان
ببێ، باوكی دەمانچەی دەرهێناوە و لەبەرچاوی دایكی كچەكە چەندین گوللەی لە
كچەكەی دا و هەڵات. كچەكەش هەر لە شوێنی رووداوەكە گیانی لەدەستدا.
بەپێی قسەی پۆلیسی ئەڵمان باوكی كچەكە
تاوەكو ئەو رووداوە هیچ كارێكی نایاسایی نەكردبوو. بەرپرسانی فەرمانگەی
گەنجانیش رایانگەیاند كە هیچ ئاماژەیەكی ئەوە نەبووە كە دیدارەكە بەوشێوەیە
لە كۆنترۆڵ دەردەچێ و رووداوێكی لەو جورە روودەدات.
تەلەڤزیۆنی NDRی ئەڵمانی بڵاویكردەوە، كە
باوكی كچەكە پێش رووداوەكە پرسیاری سزای رووداوێكی لەوجۆرەی لە پارێزەرێكی
دۆستی خۆی كردووە. سەرچاوەی ئەم زانیارییانەی كەناڵی ناوبراو، هەندێ
ئەندامی بنەماڵەی بكوژەكەن، بەڵام پۆلیس و هەروەها داواكاری گشتیش هیچ
بەیاننامەیەكیان دەربارەی ئەم زانیارییانە بڵاونەكردووەتەوە.
كۆمەڵەی ئێزدیانی نینبورگ بە تووندی
ئیدانەی ئەم رووداوەی كرد و رایگەیاند كە رووداوەكە هیچ پەیوەندییەكی بە
ئایینی ئێزدیاتییەوە نییە و ئەوە رووداوێكی تراژیدی خێزانییە.